مصادر الصورة الشعرية في اعمال ( كاكەی فەللاح )

المؤلفون

  • ئاهەنک شفیق حمە بجکول محمد كلية التربية الاساسية
  • استاذ /اقليم كردستان/جامعة السليمانية كلية التربية الاساسية
  • مؤلف كلية التربية الاساسية

الكلمات المفتاحية:

الصورة الشعرية، مصادر الصورة الشعرية، الشعور، الخيال، اللغة الشعرية

الملخص

يركز بحثنا على دراسة مصادر الصورة الشعرية في أعمال (كاكەی فلاح). وفقا لمصادر الصورة الشعرية وسياق القصيدة والأفكار التي ينقلها الشاعر، حاولنا ضمن نطاق بحثنا تقسيم عالم شعره عبر عدة مصادر رئيسية، وهي تتألف من (الوطن والأمة، فلسفة الحياة، المصادر التاريخية، تأثير التجارب الشعرية لشعراء آخرين، العالم الداخلي للشاعر، المشاعر، والحب). ولذلك، فإن منظور الشاعر وتفسيره لمختلف الجوانب الأدبية والفكرية والأيديولوجية يشكل رؤيته للعالم كشاعر تجديدي. من ناحية أخرى، أثر الشاعر في قافلة الشعراء المعاصرين وساهم إلى حد ما بالتركيز بشكل خاص على شكل وجوهر أشعارهم. بالإضافة إلى الكتابة والمقالات الأدبية في المجلات والصحف، كانت هذه العوامل بمثابة دوافع وساعدت في اختيار موضوع بحثنا، وفي هذا البحث، حاولنا تسليط الضوء على جانب من عالمه الشعري وتحليله. هەرێمی کوردستان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانکۆی سلێمانی کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەتی بەشی زمانی کوردی ناونیشانی توێژینەوە : سەرچاوەکانی وێنەی شیعری لە بەرهەمەکانی ( کاکەی فەللاح ) دا توێژەر : د. ئاهەنگ شەفیق حەمە بچکۆل محەمەد نازناوی زانستی : مامۆستا پوختە :- توێژینەوەکەمان بریتییە لە خستنەڕووی سەرچاوەی وێنەی شیعرەکانی (کاکەی فەللاح)، بەو پێیەی سەرچاوەی وێنەی شیعری کانگا و هەوێنی دەقی شیعرییە و سەرچاوەی ئەو بیرانەیە کە شاعیر دەیانخاتەڕوو، لە سنووری توێژینەوەکەماندا هەوڵمانداوە سەرتاپای جیهانە شیعرییەکەی بەسەر چەند سەرچاوەیەکی سەرەکیدا دابەش بکەین، کە بریتین لە ( نیشتمان و نەتەوە، فەلسەفەی ژیان، سەرچاوە مێژووییەکان، کاریگەری ئەزموونی شیعریی شاعیرانی تر، دەروون و ناخی شاعیر، سۆز و خۆشەویستی ) هەربۆیە باری سەرنج و دیدو تێڕوانینی شاعیرمان لەچەند ڕەهەندێکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ئایدۆلۆجییەوە بۆ ڕووندەبێتەوە وەکو شاعیرێکی نوێ، لە لایەک و لە لایەکی ترەوە لەبەر ئەوەی شاعیر لە دووتوێی دوو بەرگدا کاروانی شیعری شاعیرانی نوێی لێکداوەتەوە و کەم و زۆر ڕاو سەرنجی تایبەتی دەربارەی ڕوخسار و ناوەرۆکی شیعرەکانیان خستۆتەڕوو، جگە لە نووسین و وتار و بابەتی ئەدەبی ناو گۆڤار و ڕۆژنامەکان کە ئەمانە هۆکار بوون لە هەمان کاتدا یارمەتیدەربوون بۆ هەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوەکەمان ئێمەش لەم توێژینەوەیەدا هەوڵمانداوە چمکێک لە جیهانە شیعرییەکەی بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە . کلیلی وشە : ( وێنەی شیعری ، سەرچاوەکانی وێنە ، هەست ، خەیاڵ ، زمانی شیعری ) پێشەکی :- ناونیشانی توێژینەوەکەمان بریتییە لە ( سەرچاوەکانی وێنەی شیعری لە بەرهەمەکانی کاکەی فەللاحدا ). ڕێبازی توێژینەوەکە :- بۆ توێژینەوەکەمان ڕێبازی ( وەسفی- شیکاری ) مان پەیڕەوکردووە. گرنگی توێژینەوەکە :- لێکۆڵینەوە و باسی تایبەتی بۆ شیعرەکانی ( کاکەی فەللاح ) نەکراوە و زۆر لایەنی جیهانە شیعرییەکەی بە نادیاری ماوەتەوە ، بەم هۆیەوە هەوڵمانداوە چەند ڕاو سەرنجێک سەبارەت بە وێنەی شیعرەکانی بخەینەڕوو. بەشەکانی توێژینەوەکە :- لە بەشی یەکەمدا – لە تەوەری یەکەمدا / پێناسە و چەمکی وێنەی شیعری خراوەتە ڕوو. لە تەوەری دووەمدا / وێنەی شیعری لە ئەدەب و ڕەخنەی کۆن و نوێدا باسکراوە. لە تەوەری سێیەمدا / سەرچاوەکانی وێنەی شیعری باسکراوە. لە بەشی دووەمدا / سەرچاوەکانی وێنەی شیعری لە بەرهەمەکانی کاکەی فەللاحدا شیکراوەتەوە، لە کۆتایی ئەم بەشەشدا هەوڵمانداوە چەند ڕاو سەرنجێکی شاعیر ( سەبارەت بە خۆی وەکو شاعیرێکی نوێ و لە هەمان کاتدا سەبارەت بە شاعیرانی تری هاوسەردەمی ) بخەینەڕوو. لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەماندا گەیشتووین بە چەند ئەنجامێک دەربارەی سەرچاوەکانی وێنە لە دەقە شیعرییەکانی شاعیردا. پێڕست :- بەشی یەکەم :- چەند ئاماژەیەک سەبارەت بە وێنەی شیعری ( پێناسە و چەمک و جۆر و سەرچاوەی وێنەی شیعری ) تەوەری یەکەم :- پێناسە و چەمکی وێنەی شیعری تەوەری دووەم :- جۆرەکانی وێنەی شیعری ( وێنەی شیعری لە ئەدەب و ڕەخنەی کۆن و نوێدا ) تەوەری سێیەم :- سەرچاوەکانی وێنەی شیعری بەشی دووەم :- سەرچاوەکانی وێنەی شیعری لە دەقە شیعرییەکانی کاکەی فەللاحدا بەشی یەکەم : پیناسە و چەمک و جۆر و سەرچاوەی وێنەی شیعریی : تەوەری یەکەم : پێناسە و چەمکی وێنەی شیعریی : زۆرجار پێناسە و ناساندنی وێنەی شیعری لە ( کۆن و نوێ ) دا، لەڕووی مۆسیقا و ئاواز و ئیقاعی وشەکانەوە دەناسرێت و خودی پێناسەکە بریتییە لەو ئاواز و شێوە ڕازاوەییەی کە دوو مەبەست دەپێکن، لەلایەک وێنەکە دەڕازێنێتەوە و لەلایەکی تریشەوە لەڕووی شێواز و زمانی دەربڕینەکەیەوە بەرەو جیهانی پێکهێنەری وێنەکە دەمانبات، بەو واتایەی ( دیارترین خەسڵەت لە شیعردا بریتییە لە مۆسیقا و وێنە ).( محوی، ٢٠٠٨-٢٠٠٩، ٢١ ) - (( وینەی شیعری سەمفۆنیایەکە شاعیر ئەو بابەتانەی پێدەخاتەڕوو کە لە دڵ و دەروونیدا پەنگیانخواردۆتەوە، تەلی ئاوازی شیعرەکانی گوێی خوێنەر دەیکات بە گۆرانی ، خوێنەر زۆرجار بەهۆی ئەو ڕەمزانەوە کە بەکارهاتووە، ناتوانێت بگات بە دڵ و دەروونی شاعیر، کە غەمباربێت یان بەختەوەر، ئایا خەیاڵی شاعیر درووستیکردووە، یان ڕەنگدانەوەی واقیعە )) . (مەجید،٢٠١٩، ٩) ئەوەی لەم پێناسەیەدا بەرجەستە دەبێت، ئەوەیە پێناسەیەکە بۆ شیعری ڕەمز و ئەو پەنهانییانەی دەروونی شاعیر کە ئەستەمە لێی تێبگەین، بەهۆی لێکدانەوەی جیاواز و خوێندنەوەی جیاوازەوە، بەم پێیە سەرچاوەی وێنەکانیش زۆر نادیار و نامۆ دەبن . ( هەموو دەقێک برییتە لە وێنە ). ( سەرچاوەی پێشوو، ٢١ ) زۆرجار لە ڕەخنەی نوێدا وێنەی شیعری بە زمانی شیعرییەوە پەیوەستدەکەن ( وێنە زادەی وشە و واژەی زمانییە، وێنە بریتییە لە درکاندنی وشەکان، چ وشەی هەستیی بن، یان واتایی ڕوون). (محوی،٢٠٠٨-٢٠٠٩، ٢٢) ئەم پێناسانە بەپێی شێوازی قوتابخانە و ڕێبازەکان دەگۆڕێن، بەڵام ناوەرۆک و بنچینەی دەق وێنەیە، چونکە وێنەکان دەربڕی ئەو ژیان و ژینگەیەن کە شاعیری تێدایە و لەوێوە بیروباوەڕەکانی چەسپیوە . ( وێنە هەڵگری دید و بۆچوونەکانی شاعیرە بۆ دەوروبەری بە گوزارشتە زمانییەکان و شێوازە جۆربەجۆرەکانی دەربرین، چەندین هەڵوێست و ڕاوبۆچوون دەخاتەڕوو، لەڕوانگەی هونەری و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە ). )صالح ،٢٠٠٧، ٤٦ ) ( وێنەی شیعری وەکو کۆمەڵێک ئاوێنە وایە، کەلەچەند سووچێکی جیاوازەوە بابەتەکانی تیادا ڕەنگبداتەوە و زیندوویەتییان پێ ببەخشێت ). ( صالح،٢٠٠٧، ٤٦ ) ( وێنە ڕەگەز و بنەمایەکی گرنگی دەقی شیعرییە، کە بەیەکەوە وێنەکان یەکدەگرن و بە شێوەیەکی جوان و ڕازاوە دەقەکە دەخەنەڕوو). ( فرحات،٢٠٢١، ٣ ) ( وێنەی شیعری کاکڵە و ناواخنی دەقی شیعریییە، وێنە بنەمایەکی گرنگی شیعرە، ڕێگایەکی سەرەکی داڕشتنی ئەزموونی شاعیرە، هۆکاری بڕیاردانی ڕەخنەگرانە لەسەر بەرهەمێکی ئەدەبی ). (بلغيث، ٢٠٠٩-٢٠١٠، ٧ ) ( وێنە ئامرازێکە، خەیاڵ و بیر و ئەندێشەی نووسەر دەخاتەڕوو، لەچالاکی و ئەزموونی ئەدەبییدا، وێنە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە لە خەیاڵ و بیر و مۆسیقا و زمان و ئەندێشە و شێوازی داڕشتن ). ( ‌‌‌صالح والعتري ، ٢٠٢٠-٢٠٢١ ، ٥-٦ ) وێنەی شیعری بەپێی قوتابخانە و ڕێبازەکان و بەپێی ڕاوبۆچوونی ڕەخنەگران و نووسەران چەندین پێناسەی جیاوازی بۆکراوە، بە ڕای ئێمەش وێنەی شیعری ( وێنەی ئەزموون و بیر و تاقیکردنەوەکانی شاعیرە، وێنەی خەیاڵ و ئەندێشە و هەست و نەستی شاعیرە، کە زمانی دەربڕین زیندوێتییان پێدەبەخشێت و وێنەکانی دەروونی شاعیر لە دیدی خوێنەردا بەرجەستە دەکات. وێنەی شیعری سۆز ڕابەرایەتی دەکات و گەرم و گوڕیی سۆز وێنەیەکی ڕاستەقینە دەخاتەڕوو). تەوەری دووەم : جۆرەکانی وێنەی شیعریی ( وێنەی شیعریی لە ئەدەب و ڕەخنەی کۆن و نوێ ) دا :- وێنەی شیعری بەپێی ڕێباز و قوتابخانە ئەدەبییەکان چەند سرووشتێکی جیاوازی هەڵگرتووە، هەربۆیە هێندەی جیاوازی ڕێباز و قوتابخانەکان هێندە جیاوازی کەوتۆتە تێگە و مانای وێنەی شیعرییەوە، بەپێی ڕێباز و قوتابخانەی کۆن – کلاسیک هەمیشە وێنەکان هەڵگری مانا و بیرێکی ئەقڵ ئامێز بوون. کە ئەقڵ ڕابەرایەتی شاعیری دەکرد زیاتر لە سۆز، هەروەها داڕشتنی پتەو و ساغ و پڕ مانا و کورت و چڕی هەبووە (د. صلاح فضل ) لەم ڕووەوە دەڵێت : (( تێگەیشتن لە مانای وێنەی هونەریی لە سرووشتی خۆیدا بە دوو ڕەوتدا ڕۆشتووە، لە ڕەوتی سەرەتادا بە مانایەکی کورت و چڕ لەناو چوارچێوەی ڕەوانبێژی و بەلاغەتکاریدا وێنە هونەرییەکان لە واتایاندا تەسکدەکرێنەوە، بەڵام ڕەوتی دواتر بەمانا و تیگەیشتنی نوێوە لێکدەدرێتەوە دوور لە لێکدانەوەیان بەپێی هونەرە ڕەوانبێژیەکان ولەخەیاڵێکی داهێنەرانەی شاعیرەوە سەرچاوەی گرتووە ،...، وێنەی هونەری پەیوەستە بە خەیاڵەوە بەهۆی ئەو هەستانەوە کە لەخەیاڵ و ئاوەزیدا هەڵیگرتوون، هەرچەندە وێنەکان لەبیرێکی ڕاستەقینەشەوە سەرچاوە بگرن، بەڵام دەبێت لە دید و بۆچوون و تێڕوانینی نووسەرەکەیەوە وێنەبکێشرێ و گوزارشتی لێبکرێت )). ( فضل، ١٩٩٧، ٢١-٢٥ ) واتا لە قۆناغی کلاسیک گرنگی بە وشەکاری و سەنعەتکاری دەدرا و وەکو مەرجێکی گرنگ و سەرەکی ڕەخنە لە برەودا بوو، بەڵام لە ئەدەبی نوێدا زیاتر هەست و لێکدانەوە و سەرنجی شاعیر بۆ دەورووبەر دەکرا بە پێوانە (( هەربۆیە وێنەی هونەری لەکۆندا لەسەر چوار بنەڕەتی سەرەکی وەستابوو، ئەوانیش – لێکچواندن و خواستن و درکە و جوانکاری بوون، لەکاتێکدا وێنەی نوێ لەسەر بنەمای هەست دادەمەزرێن کە ( هێڵ و ڕەنگ و جووڵە و سێبەر) بەیارمەتی سۆزەوە یەکدەگرن و بیرێک و بابەتێک دەبەخشن و زۆرجاریش چەند مانایەکی زۆر و جیاواز دەبەخشن بەهۆی بەکارهێنانی شێوازی زمانی دەربڕینەوە )). ( مجید،٢٠١٩، ١١-١٢ ) بێگومان ئەم ڕایەی دووەم لەسەر ئەو بنەمایە چەسپیوە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی زمانیی مانای جیاواز لای خوێنەر دەخەنەڕوو، بەتایبەتی لای ڕێبازی ڕەمزی، دەقەکان لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکدا مانایەکی جیاواز دەخەنەڕوو، دەنگ و ڕەنگی جیاواز بە وێنە دەبەخشن. وەکو پێوانەی ڕەخنەی کۆن سەبارەت بە وێنەی شیعری : لە بازنەی ڕەوانبێژی و سەنعەتکاری زمان و جوانی وشە و واتا و داڕشتنی ساغ و پتەودا وێنەکان دەبینرێنەوە، هەروەک ( رابح محوی ) لەم ڕووەوە چەند سەرنجێک دەخاتە ڕوو: (( لەلای جاحظ : شیعر چەند شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە : یەکەم بۆ داڕشتنی بیر و ماناکان و دووەم پێشکەشکردنی بە رێگایەکی پڕ هەستی شاعیرانە و سێیەم بەوپێیەی بەهەست دەردەبڕێت، لە وێنەیەکی کێشراو دەجێت لە چۆنێتی داڕشتن و ڕێکخستن و خستنەڕوویدا. قودامەی کوڕی جەعفەریش دەڵێت وشەی جوان و گونجاو بۆ مانا و مەبەستی شاعیر گرنگە، هەتا وێنەکان پوخت و ڕێک مانا بدەن بەدەستەوە. ئەبو هیلالی عەسکەریش دەڵێت: گرنگی وێنە لە خستنەڕووی جوانی دەربڕیندا دەردەکەوێت، عبدالقاهیری جورجانیش دەڵێت: وێنەی شیعری لە دەربڕیندا کاریگەری خۆی هەیە، هەروەک وێنەکێشان کە چۆن لە دید و یادگەی خوێنەردا کاردانەوەی هەیە )). (محوی، ٢٠٠٨-٢٠٠٩، ٢٧،٢٤،٢٣ ) لە ئەدەب و ڕەخنەی کۆندا زۆر گرنگی بە ڕووخسار دەدرا بە گشتی، لایەنی هەست و سۆز و ئەندیشە و خەیاڵی شاعیر فەرامۆش دەکرا لە پێکهاتنی وێنەی شیعرییدا، بەڵام لە ڕەخنەی نوێدا دید و سەرنجی زۆر جیاواز هەبوو بۆ پێوانەکردنیان و چۆنیەتی ڕایەڵە و پەیوەندی نێوانیان، هەروەک دەبینین خەیاڵ بە هەستی شاعیر ڕابەری دەکرێت و هەست دەبێت بە پێوەرێک بۆ چۆنیەتی گەڕان و ڕۆشتنی خەیاڵی شاعیر، هەتا شاعیر هەستەکانی لە ئاستێکی باڵادابێت و بیر و مەبەستی شیعرەکانی ڕاستگۆییان پێوە دیاربێت، لە چۆنییەتی هەستکردن بە دەوروبەری خۆیدا، ئینجا خەیاڵی شاعیر داهێنەرانە وێنەیەکی واقیعی دەنەخشێنێ، بەو واتایەی (( وێنەی شیعری بەبێ خەیاڵ نابێ و خەیاڵ زادەی ئەندێشە و بیری شاعیرە، هەربۆیە لە ڕەخنەی نوێدا پەیوەستکراوە بە هەستی مرۆڤەوە، بێگومان شاعیر هەست بە دەورووبەری خۆی دەکات، ئینجا خەیاڵ و ئەندێشەی شاعیری لە دەوروبەرەوە سەرچاوەدەگرێ و ڕەهەندە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی شاعیر دەگرێتەوە، خەیاڵی شاعیر توانا هونەرییەکانی دەردەخات لە پەیوەندی واقیع و خەیاڵی خۆیدا )). ( محوی، ٢٠٠٨-٢٠٠٩، ٣٢-٣٣ ) ئاشکرایە هەتا ڕادەی هەستیاری شاعیر بەرزتربێت، زیاتر هەست بە کێشە و ئاڵنگارییەکانی سەردەم و بابەتە هەنووکەییەکان دەکات و بە خەیاڵی شاعیرانەی زۆرجار جیهانێکی ئارام پێکدەهێنێت، یان زۆرجار چارەسەر بۆ کێشەکان دەکات و دەیانکات بە بەشێک لە سەرچاوەی وێنە و بنیاتی دەقەکانی، زۆرجاریش ئەندێشەی شاعیر لەلای ڕەخنەگران دەکرێتە پێوەر و بنەمایەکی نوێ، دەبینین (( لە ڕووی ڕەخنەوە ڕەگەزی ئەندێشە بە ڕەگەزێکی گرنگ و خوڵقێنەر دادەنرێ لە بنیاتی وێنەی شیعرییدا ،...، ئەندێشە هێزێکە لە هێزەکانی دەروونی ئادەمیزاد، وێژەر بەهۆیەوە دەتوانێ بە وشە و ڕستە و وێنەی هونەری شێوازی ڕەوانبێژی سازبکات، سۆز و هەڵچوون بگەیەنێتە گوێگر و خوێنەری بەرهەمەکانی، لەلایەکی تریشەوە پەیوەندی بەهێزی بە سۆزەوە هەیە ،...، تاقیکردنەوەکان بۆخۆیان بەرپاکەری سۆزن )). ( محمد امین، ٢٠١٢، ٦٥- ٦٦ ) لەئەدەبیاتی نوێدا سۆز و ئەندێشە پەیوەندییەکی بەهێزیان بە پێکهاتنی وێنەی شیعرییەوە هەیە، لە ڕێبازی ڕۆمانسیدا وەکو پێوەرێکی سەرەکی دەدرێتە قەڵەم (( سۆز دەربڕی هەستەکانە لە ڕۆمانسیزمدا ،...، ڕۆڵێکی باڵای هەیە بۆ درووستکردنی وێنەی شیعری، لە ڕێگای وێنەوە هەست و سۆز و ئەندێشە دەگەیەنرێتە خوێنەر و کار لە دەروون دەکات. ئەندێشە وێنە درووستدەکات و وێنەش ئامراز و هۆکاری ئەندێشەیە ڕەگەزێکی گرنگ و کاریگەرە ئەو شتەی ڕۆمانسی بێ لە کاتی وەسفی شتەکاندا لەسەر بنەمای فریشتەی ئەندێشە بنیاد دەنرێ کە لە جیهانی ڕاستەقینە و واقیعدا بەدی نایەت هەربۆیە شاعیران پەنا دەبەنە بەر ئەندێشە لەبری واقیع )). ( محمد امین، ٢٠١٢، ٧٤-٧٥ ) لە ڕەخنەی کۆن و نوێدا گرنگی زۆر بە خەیاڵ و ئەندێشە دەدرێت و بنیاتێکی گرنگی وێنەی شیعرییە بەڵام بە دید و تێڕوانینی جیاوازەوە، وێنەی کۆن بریتییە لە داڕشتنێکی ڕەوانبێژی و وشەکاری و خەیاڵ و ئەندێشەی شاعیر چەند وێنەیەکی پڕ لە زیادڕەوی و پێلێهەڵکێشان ( مبالغة ) (( وێنەیەکی بینراو نییە بەڵکو هەستێکی مرۆڤانەیە، دیاردەیەکی هەستییە لە وێنەکێشانێکی بەرزدا، بەڵام لە ڕەخنەی نوێدا وێنە دیاردەیەکی ویژدانی وخودییە زیاتر لەوەی واقیعی بێت )). ( الغریبی، ٢٠٢١- ٢٠٢٢، ١٣-١٤ ) زۆرجار وێنەکان هەرچەندە خودی و ڕەنگدانەوەی ناخی شاعیر بن، دەبینین ڕەنگدانەوەی ژیانیشن و وێنەیەک لە وێنەکانی ژیان دەکێشن، هەرلێرەوە ڕۆڵی وێنە ڕەوابنێژییەکان بەرجەستە دەبێ، بەڵام بە مامەڵەیەکی نوێوە (( وێنە ڕەوانبێژییەکان جوانکارییەکی هونەرمەندانەیان تێدا بەرجەستە دەبێ، کە بریتیین لە ڕێگاکانی وێنەکێشانی ژیان بە داهێنانێکی هونەرمەندانەوە )). (الغریبی، ٢٠٢١-٢٠٢٢، ١٦ ) خەیاڵ ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، بەم پێودانگە وێنە لە کۆندا (( دەبێت بابەتیانە بخرێتە ڕوو، کەسێتی نووسەر جیاببێتەوە، لە ڕەخنەی نوێدا وێنەی شیعری ئاماژە و مانا جیاوازەکانی زمانە، بەمۆسیقا و ئیقاع ڕازاوەتەوە، بەهۆی وێنە ڕەوانبیژییەکانی وەک خواستن و خوازەوە خەیاڵ و ئەندێشەی شاعیر بەرجەستە دەبێت )). ( بلغيث، ٢٠٠٩- ٢٠١٠، ١٠،٧ ) هەربۆیە وێنەکان وشەکاری و ڕەوانبێژی و مامەڵەیەکی زمانی بوو لە نێوان داڕشتنێکی پتەوی ڕەوانبێژیانە و واتایەکی جواندا، کە بابەتییانە مەبەستەکان دەخرانە ڕوو، ئەندێشە و خەیاڵ لە کۆندا تەنیا بۆ جوانکردنی دەق بوو لە نێوان جوانی وشە و جوانی واتادا، نەک بە مامەڵەیەکی داهێنەرانەوە. هەروەک ( تۆماس گراس ) دەربارەی شێوەی داڕشتنی کلاسیکیانە دەڵێت : ((فەرهەنگی شیعری بە گشتی ئاماژە بوو بۆ ئەو وشەکارییەی شاعیر بەکاری دەهێنا وەک جۆرە ڕێکخستنێکی هونەرمەندانە )). ( J. A. Cudden، 2005، 679 ) لە ڕەخنەی نوێدا بابەتەکانی دەقی شیعریی شێوازێکی خودی وەردەگرێ، کە خەیاڵی نووسەر ڕابەرایەتی دەکات. بەمجۆرە (عبدالرزاق بلغيث) زۆر بە وردی جیاوازی لە نێوان وێنەی کۆن و نوێدا دەکات لە ڕووی و زمان و شێواز و هێزی خەیاڵ و ئەندێشە و ئاوازی شیعرییەوە و دەڵێت : ١- وێنەی شیعری لە کۆندا دەربڕی ژیانی سادە و ساکار بوون، بەڵام وێنەی نوێ ئاڵۆز و بەیەکداچوو بوو، بەهۆی ئاڵۆزی ژیانەوە. ٢- وێنەی کۆن تاک لایەن و پەرت و بڵاو بوون، بەڵام لە نوێدا هەست و سۆزی شاعیریان پێوە دیارە. ٣- وێنەی کۆن هەڵگری ئاواز و مۆسیقا و کێش و سەروا بوون، وێنەی نوێ گرنگی دەدات بە ئاوازی دەرەوە و ناوەوە و چۆنێتی گۆکردنیان، لە شیعری کۆندا خەیاڵ پەیوەستە بە ڕاستگۆیی شاعیرەوە، بەڵام لە نوێدا ئەم لایەنە فەرامۆش دەکرێ چونکە ئەندێشە و خەیاڵ بە زیادڕەوییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ، وێنەی شیعڕی کۆن بە یاسا داڕێژراوە، بەڵام وێنەی نوێ بە ئازادانە دەردەبڕێ بەبێ هیچ کۆسپێک وەکو لایەنی زمانی و ڕەوانبێژی و... )). (بلغيث، ٢٠٠٩-٢٠١٠، ١٣ ) لە ڕووی گرنگی هێزی خەیاڵ و چۆنیەتی مامەڵە پێکردن و بەکارهێنانی لە وێنەی شیعری کۆن و نوێدا جێگەی بایەخ و گرنگی ڕەخنەگرانە، وێنەی شیعری کۆن لەبەرئەوەی سەنعەتکاری و گرنگیدان بوو بە لایەنی زمانی و وێنە ڕەوانبێژییەکان هەر بۆیە هێزی خەیاڵ و ئەندێشەی شاعیر تاڕادەیەک کەم دەڕۆشت و مەودای لەبەردەمدا تەسک بوو زیاتر بۆ بەخشینی ئاواز و مانایەکی جوان و داڕشتنێکی پتەو بوو (( وێنەکان لە ئەدەبییاتی کۆندا تەنیا بۆ جوانی بوون و وێنەیەکی چەسپاو و نەجووڵاو بووە )). ( فرحات،٢٠٢١، ٦ ) بەڵام لە ڕەخنەی نوێدا خەیاڵی شاعیر وێنەی نوێ و ناوازە درووستدەکات کە هەستەکانی مرۆڤی ئاسایی ناتوانێت درووستیان بکات و درکیان پێبکات، واتا دەبێت شاعیر بە هێزی خەیاڵی هەستەکانی بخاتە ئاستێکی باڵا و هەستیارانە ڕوو لە واقیعی ژیان بکات، ئەو خەیاڵەش دەبێت داهێنەرانە بێت و وێنەکان دەربڕی ئەو هەستە ناسک و باڵا و نموونە بەرزانە بێت کە خەیاڵی ناوازەی شاعیر درووستیکردوون کە مرۆڤی ئاسایی ناتوانێت هەستیان پێبکات بەو واتایەی (( هێزی خەیاڵی شاعیر دەبێت داهێنەرانە بێت )). ( صالح و العتری،٢٠٢٠-٢٠٢١، ٢٨ ) بەمەش خەیاڵ لەگەڵ هەستدا بە ڕەوتێکدا دەڕوات هەتا بابەتێکی سەرنج ڕاکێش و نامۆ دەکات بە هەوێن و ناوەرۆکی دەق، جارێکی تر و لە ڕەوتێکی تردا – لە هەمان کاتدا – لەگەڵ ئەندێشەدا دەڕوات و داهێنەرانە بە بیرێکی ورد و دەربڕینی گونجاو کاریگەری لەسەر خوێنەر دەبێت هەتا کاردانەوەی زیاتر لەسەر خوێنەر درووستبکات هێزی خەیاڵ و ئەندێشە داهێنەرانەترە. پەپێی پێودانگی ڕەخنەی نوێ کە بریتییە لە دووبارە درووستکردنەوە و بنیادنانەوەی واقیع بە پێکهاتەکانیەوە بە شێوازێکی جوانکاری هونەریانە واتا بریتییە لە درووستکردنی وێنەی نوێ بە بنیادێکی تازەتر لەوەی کە بەچاو دەیبینین (( لە ڕەخنەی هاوچەرخدا خەیاڵ بە گونجاندن و ڕێکخستنی چەند ڕەگەز و پێکهێنەرێکی جیاواز و دوورلەیەک دەوترێ کە چۆن شاعیر دەیانگونجێنێ لەگەڵ یەکدا و وێنەیەکیان پێ درووستدەکات )). (صالح و العتری، ٢٠٢٠-٢٠٢١، ٣٠ ) هەروەها بریتیە لە چۆنیەتی داڕشتنەوەی واقیع بە جوانکردنی یان بە ناشرینکردنی کە هێز و توانای خەیاڵ و ئەندێشەی شاعیر بەرجەستەی دەکەن، بەمەش دەقەکان لە ئەدەبیاتی نوێدا ئەرک و پەیامدارییان لەئەستۆدایە و خاوەنی ئیلتیزامن. کەواتە وێنەی شیعری لە قوتابخانە و ڕێبازەکاندا هەریەکەو بە پێی تایبەتمەندی و هەلومەرجی درووستبوونی بەجۆرێکە وێنەی شیعری لە کلاسیکدا ئەقڵ ڕابەرایەتی دەکات، بەڵام گرنگی بە خەیال دەدرێت چونکە (( کاتێک ئەقڵ ڕاستییەکانت بۆ دەردەخات مانای وایە خەیاڵ یارمەتیدەر بووە، بەڵام لە ئەدەبی ڕۆمانتیکدا خەیاڵ هێزی کۆکەرەوەی هەموو ڕەگەز و پێکهێنەرەکانی شیعرە، بەڵام پەرناسییەکان دوورکەوتنەوە لە خودی نووسەر و هەڵچوونە دەروونییەکانی وێنەکان ڕەنگدەرەوەی ناوەرۆک و خودی بابەتەکان بوون، هەروەها لە ڕێبازی ئەدەبی ڕەمزیدا وێنەکان لێکدانەوەی جیاواز هەڵدەگرن، ئەدەبی سوریالیزمیش وێنەکانیان ئاڵۆز بوو، بە نەست و لاشعوری مرۆڤەوە پەیوەستیاندەکرد، وێنەکان سەرچاوەکانیان خەو و خەیاڵ و بابەتی نالۆجیکی و شتی ئەستەم بوو )). ( صالح و العتری، ٢٠٢٠-٢٠٢١، ١٤-١٥ ) بەم پێیە بنەمای وێنەی شیعری لە ئەدەبیاتی نوێدا مانا و لێکدانەوەی جیاواز دەبەخشێت و پێکهێنەرو و بنەمای درووستبوونیان جیاوازە و بە ئاقاری جیاوازدا ڕۆشتوون (( لە ئەدەبیاتی کۆندا وێنەکان بۆ جوانی بوون و وێنەیەکی چەسپاو و نەجوڵاویان دەخستەڕوو، بەڵام لە ئادەبیاتی نوێدا جووڵە و زیندوویەتیان پێوە دیارە و پەیامێک هەڵدەگرن و بابەتێکی مرۆڤانە دەخەنەڕوو )). ( فرحات،٢٠٢١، ٦ ) واتا وێنە ئامرازێکە بۆ خستنەڕووی ئامانجێک، کە وێنەکێشانی ڕاستگۆیانەی واقیعە و ئەرک و مەبەستی شیعری پێ دەکەوێتەڕوو. تەوەری سێیەم / سەرچاوەکانی وێنەی شیعری : وێنەکان لە دەقە شیعرییەکاندا لەگەڵ بابەت و بیری سەرەکیدا گونجاندن و هارمۆنییەکی تەواویان پێوە دیارە، بەو واتایەی ئەو بابەتانەی دەبێ بە هەوێن و ناوەرۆکی شیعر وێنەیەک لەلای خوێنەر بەجێدەهێڵن، کە ڕەنگپێدەرەوەی جیهانی تایبەتی و بیر و تێڕوانینی نووسەرن بە دەربڕین و گوزارشتی تایبەت بە خۆی، وێنەکان دەخاتەڕوو. بێگومان سرووشتی ئەو قوتابخانانەش هۆکارێکی گرنگن لە گۆڕینی ئاراستەپێکردنی شاعیردا و لە چۆنێتی و چەندێتی سەرنجدانی لە بابەتەکانی ڕۆژگار و سەردەمی خۆی، چونکە کۆمەڵگا کەم و زۆر کاریگەری لەسەر ڕەوتی بیری تاک هەیە و ڕادەی پەیوەستبوونی شاعیر بە ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕێباز و مۆدێلی شیعری ئەو سەردەمەوە کاردانەوەی خۆی هەیە، بەڵام بابەت و بیری سەرەکی لەناو ئەدەبی کوردیدا لایەنی نەتەوەیی و خەبات و کۆڵنەدان و خۆشەویستی خاک و نیشتمان هەمیشە ئاماژەی پێدراوە، هەر لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆرەوە هەتا هەموو قوتابخانە و ڕێبازە ئەدەبییەکان گرنگیان بەم لایەنە داوە تەنانەت لە ئەدەبیاتی ڕۆمانسیشدا جگە لە دەربڕین و گوزارشت لە خودی شاعیر بابەتی سەرەکی بوون (( وێنە شیعرییەکان لە ڕۆمانسییەتدا گرنگییان داوە بە وەسفکردنی سرووشت و ئاوێزانبوون لەگەڵ سرووشتدا و دژی نایەکسانی و زوڵم و زۆرداری، وێنەکان هەڵگری گیانێکی ئازادیخوازانە بوون بۆ تاک و وێنەکان هەڵگری ڕاز و نهێنییەکانی نووسەرن، لە ڕیالیزمیشدا شیعر وێنەی کێشە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵایەتی کێشاوە، بەڵام بە تێڕوانینێکی ڕیالیزمیانە دەیانڕوانییە پەیوەندییەکانی واقیع، نەک وێنە کردنێکی دەقاودەق بوون، بەڵکو گەڕان بووە بەدوای ڕاستییەکانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتیدا )). (محمد امین، ٢٠١٢، ٨١- ١١٣ ) بەڵام لەبەر ئەوەی نووسەر هەڵقوڵاوی کۆمەڵگاکەیەتی کە لێوەی فێری داب و نەریت و کلتوور بووە، هەربۆیە ئاستی ڕەهەندی دید و بۆچوونەکانی چەند مەودایەکی دووریان دەبێت (( بناغەیان لە کلتووری ئەو کۆمەڵگایەوە درووستبوووە کە خۆی لە کلتوری ئاینی و کۆمەڵایەتی و داب و نەریت و فەلسەفەی ژیان و دید و تێڕوانینی کۆمەڵدا دەبینێتەوە، وێنەی شیعرەکانی چۆنیەتی باری سەرنجی شاعیرە بۆ ئەم جیهانە فراوانە )). ( بو قردون،٢٠١٤، ١٨٠ ) هەرچەندە وێنە هونەرییەکان سەرچاوەکانیان لە کلتووری کۆمەڵ و ڕێ و ڕەسم و داب و نەریت و سرووشت و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری کۆمەڵەوە وەرگیرابێت، دەبێت بە پێی شێواز و چۆنێتی دەربرینیان، سرووشتی ئەو قوتابخانە و ڕێبازە وەربگرێت کە پێی دەنووسرێت و لە ڕەخنەی نوێشدا شوێن و پایەیەکی گرنگی بۆ دانراوە، سەرچاوەکانی وێنەی شیعری چەند دابەشکردن و جیاکارییەکی زۆری بۆ کراوە، بۆ نموونە ( د.عثمان امين ) بەمجۆرە سەرچاوەکانی وێنەی شیعری دیاری دەکات : (( ١- ئەو وێنانەی بەهۆی هەستەکانی مرۆڤەوەن وەک هەستی( بینین و بیستن و بۆنکردن و چەشتن – تامکردن ) ٢- وێنەی شیعری بە هۆی هونەرەکانی ڕەوانبێژی ٣- وێنەی شیعری بەهۆی بابەتی باسکراوەوە ٤- وێنەی شیعری بەهۆی گوزارشت لە خودی شاعیر ٥- وێنەی شیعری بەهۆی ئاوازەوە )). (صالح ، ٢٠٠٧ ، ٤٥) ئەوەی لەم دابەشکاریەدا جێی بایەخ بێت، ئەو خاڵانەن کە دەبن بە سەرچاوە و بابەت و ناوەرۆکی شیعر وەکو لە خاڵەکانی یەکەم و سێیەم و چوارەمدا دەبینرێن، نووسەر ئاماژەی نەداوە بە سەرجەم ئەو سەرچاوانەی کە ناوەرۆکی شیعر پێکدەهێنن لە لایەک لەلایەکی تریشەوە ڕوخسار و ناوەرۆکی وێنە هونەرییەکان زۆر تێکەڵ و ناڕێک دابەشکراوە، بۆ نمونە لە خاڵی دووەمدا وێنەی شیعری بەهۆی بابەتی باسکراوەوە هەر ئەو وێنانەن کە شاعیر هەستیان پێدەکات، هەر لە هەمان کاتدا زۆرجار ئەوانەشن کە پەیوەستن بە خودی شاعیرەوە و گوزارشتی لێدەکەن، ئەمانە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە لە شیکردنەوەی وێنەی هونەری بە هۆی بابەتی باسکراوەوەدا، نووسەر خۆی دەڵێت: (( ئەو بابەتانەی باسدەکرێن گوزارشتن لە دید و بۆچوونی نووسەر یان شاعیر، ناوەرۆکی شیعری بریتییە لە گوزارشتکردن لەو باسانەی کە دید و بۆچوونی شاعیر درکیان پێدەکات و لە دەورووبەریدا سەرنجی ڕادەکێشن )). (صالح ، ٢٠٠٧ ،٤٧) ئەم ڕایەی نووسەر هێندەی تر بۆچونەکەمان دەچەسپێنێ و دابەشکارییەکە بەرەو هەڵە دەبات. سەبارەت بە سەرچاوەکانی وێنەی شیعری ( سعد بن عبداللە الغریبی ) دەڵێت : (( وێنە ڕەوانبێژییەکان و وێنە ڕەمزییەکان وەکو ( ڕەمزی سرووشتی و مێژوویی و سۆفیگەری ) وێنە هەستییەکانن کە هەستەکانی مرۆڤ درووستیاندەکات )). ( الغریبی ، ٢٠٢١-٢٠٢٢، ٣٥ ) لێرەوە نووسەر ئاماژەی بە ڕەمزە کلتووری و ئەفسانەیی و داستانی و چیرۆکی و .... نەداوە، هەروەها ڕەمزی ئایینیشی بە ڕەمزی سۆفیگەری ناوبردووە، کە ڕەمزی ئایینی گشتگیرترە و مەرج نییە هەموو ڕەمزێکی ئایینی سۆفیگەریی بێت، هەروەها چەندین دابەشکاری تر بۆ سەرچاوەکانی وێنەی شیعری دەکرێت کە (قورئانی پیرۆز و کلتوور – کلتووری ئەدەبی، ئایینی، ئەفسانە و داستانی ، کلتووری میللی، سرووشت ). ( خمار، ٢٠٢٠-٢٠٢١، ٣٣ ) قورئانی پیرۆز زادەی چەندین بیر و مەبەست و بابەتی ناو دەقی شیعرییە، زۆرجار شاعیر ئیلهامی لێ وەرگرتووە، ئاماژەی بە موعجیزەکانی قورئان داوە، ، لە ڕووی (( واژە – لفظ و شێوازی زمانیی لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ئاماژەن بە موعجیزەکانی قورئان تاقیکردنەوەیەکی ڕاستگۆیانە دەخەنەڕوو، کە زۆر تایبەتی و ناوازەن و خوێنەر بەرەو ئاوێزانبوون دەبەن لەگەڵ دەقە شیعرییەکاندا، ئەم شێوازە خۆشگوزەرانییەکی دەروونی دەخەنە دڵی خوێنەرەوە و مەودای دووری بابەتەکان دەخەنەڕوو، یان ڕەهەندەکانی وێنە تۆمار دەکەن )). ( خمار، ٢٠٢٠-٢٠٢١، ٣٤ ) زۆرجار شاعیر ئاماژە دەدات بە کلتوور و پاشماوە ڕۆشنبیرییەکانی نەتەوەکەی، کە نیشانەی وریایی و ڕۆشنبیری شاعیرن لە ئاگاداربوونی لە سەرجەم بەش و پێکهاتە کلتوورییەکان و پاشماوەکانی پێشینی نەتەوەکەی، یان ئاماژە دەدات بە کلتووری نەتەوەیەکی تر، بە هۆی کاریگەربوونی ئەو ژینگە و کلتوور و داب و نەریتەی تیایدا پەروەردە بووە. کلتوور خۆی لە کلتوور و داب و نەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و مێژوویی و فەلسەفی و میللیدا دەبینێتەوە، زۆرجاریش نووسەر یان شاعیر ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی سەردەم و کێشە و گرفتە جیهانییەکانە، یان کارەسات و جەنگ و نەهامەتییەکان کە نەتەوەکەی خۆی و نەتەوەکانی تریشی گرتۆتەوە، وەک و جەنگە گەورەکان و ڕووداو و بەسەرهاتە دیارەکان. زۆرجاریش ڕووداوە ڕامیارییەکان کاردانەوەی خراپیان لەسەر دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگاکەی درووستکردووە، هەربۆیە زۆرجار شاعیر دەیەوێت دووربکەوێتەوە لەو شوێنانە، زۆرجاریش بە ناچاری پەنا دەباتە بەر گەڕانەوە بۆ ژیانی سادە و ساکاری جاران و خۆزگەی گەڕانەوەی ئەو ڕۆژگارانە دەکات. هەندێک جاریش پەنا بۆ ڕەمز دەبات، وەکو ڕەمزی داستان و ئەفسانە و چیرۆکەکان، کە ڕۆژگار و ژیانی نووسەر پێویستیان بەو جۆرە ڕەمز و شاردنەوەیە هەیە لە دەربڕیندا (( زۆرجاریش شاعیر لەبەر ئەوەی ڕەمزی داستان و ئەفسانەکان دید و تێڕوانینێکی فراوانتر لە دیدی تایبەتی شاعیر دەخەنەڕوو، کە مرۆڤایەتی تیایدا بەشدارە، زۆرجاریش وەکو مەرجێک دەبوو لە شیعردا پەیڕەوی بکرایە، هەروەک لەلایەن ڕێبازی ئەدەبی رەمزییەوە بەکاردەهات )). (خمار، ٢٠٢٠-٢٠٢١، ٤٤) ئەم دیاردەیەش وادەکات دەقی شیعری پێکهاتەیەکی ئەفسانەیی و پێکهاتەیەکی ئەزموونی تایبەتی نووسەریان پێوە دیاربێت. وێنەکان لە دیدێکی تایبەتییەوە زۆر ڕەهەند و دیدی جۆربەجۆر دەخەنەڕوو، ئەمەش پێکهاتەی دەق بەرەو کامڵبوون دەبات. وێنەکان ڕەنگدانەوەی هەست و ویژدانی شاعیرە و چۆنیەتی بینینی واقیعە و باری سەرنجی شاعیر درووستیاندەکات، لەبەرئەوەی (( خەیاڵی شاعیر لە واقیعی هەستپێکراوەوە وەردەگیرێت و دواتر وێنەکان لە دیدگای هونەری شاعیرەوە بنیاد دەنرێن )). (عصفور،١٩٨٣، ١٣ ) زۆرجاریش کلتوری میللی وەکو کلتورێکی کۆمەڵایەتی کە (( گۆرانی و پەند و چیرۆک و سەرگوزشتە و قسەی نەستەق و مەتەڵ دەگرێتەوە، لەڕووی میللییەوە – جلوبەرگ و خواردن و هەڵسوکەوت و ڕەوشتی کۆمەڵگایەک دەخاتەڕوو، سروشتیش بناغەیەکی سەرەکی و گرنگی وێنەی هونەریە ، زۆرجار وێنەی سروشت بۆ خۆشەویستی نیشتمان و پیرۆز ڕاگرتنێتی، سەرەڕای خستنەڕووی جوانیەکەی، ئاماژەدان بە سرووشتی ناوچەکانی تر لە دەقی کۆن و نوێدا نیشانەی وردیی سەرنجی شاعیرە لەوەسفی ورد و سەرنجی شاعیرانەیدا )). ( خمار، ٢٠٢٠- ٢٠٢١ ، ٤٧) شاعیر لە دەقی کۆن و نوێدا سەرنجی لە سروشت داوە و دەربڕی غەم و مەینەتی و خۆشی و شادییەکانی بووە، هەربۆیە زۆرجار مانگ و ڕۆژ و ئەستێرە و ئاو و با و بارانی دواندووە و بەشداری پێ کردووە لە خستنەڕووی باری دەروونیدا، زۆرجار هێزی خەیاڵ پەلکێشی دنیای تایبەتی خۆیی دەکات و ((چەندین وێنەی ڕەمزیی و ئەفسانەیی درووست دەبێت، شاعیری داهێنەر بەدوای شتی نەبینراو و درکپێنەکراودا دەگەڕێت، داهێنانیش لە هەڵبژاردنی وشە و دەربڕینی شیاودایە )). ( بلغيث،٢٠٠٩-٢٠١٠، ٩٨ ) بێگومان چۆنییەتی ئاماژەپێکردنەکان و شێوازی تایبەتی هەر شاعیرێک، پەیوەستە بە ئاست و ڕەهەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکەیەوە. ئاشکرایە بەکارهێنانی ڕەمز لە سروشتی خۆیدا بۆ دەربڕینی ئەو وێنانەیە کە شاعیر دەیەوێت بە شێوەیەکی پەنهانی و شاراوە دەریانببڕێت و هەڵقوڵاوی ناخی شاعیرن و ویست و مەبەست و پەنهانییەکانی دەرونی دەردەبڕن (( ئەو وێنانەی بە ڕەمز دەردەبڕێن بە شێوازێکی نالۆجیکی پەیوەندی نێوان وشە و واتاکانیان درووست دەکەن و سنوور بۆ ماناکانیان نییە، زۆرجاریش بارودۆخی مرۆڤانە و سۆزداریشیانە، پەنا بۆ ڕەمز دەبرێت و خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەیدا پێی کاریگەر دەبێت و هەست بە ماناو دەلالەتە شاراوەکانی دەکات، چونکە بابەتی مرۆڤانە لە ئەزموونی دووبارەبووەوەدا، دەبینرێتەوە )). ( بلغيث، ٢٠٠٩-٢٠١٠ ، ١٠٠ ) بەو واتایەی خوێنەر کاریگەر دەبێت بەو ڕەمزانە و بەپێی بیر و هەست و ئاستی درککردنی بە دیاردەکانی دەوروبەری خۆی مانا بە دەقەکان دەدات و زۆرجاریش شاعیر لە بێزاری و ناڕەزاییەوە بۆ بابەت و ڕووداوەکان بە ڕەمز زۆر کێشە و گرفت دەخاتە ڕوو، بیر و ئاوەزی خوێنەر لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکدا مانای نوێی پێ دەبەخشن، بەمەش ئەرک و پەیامی ( رێبازی ئەدەبی ڕەمزی ) بەرجەستە دەبێت. بێگومان نووسەریش بۆ ئەم گوزارشت و ڕەمزانە دەبێت دەربڕینەکانی سانا و ساکار نەبن، جوانی دەق و چێژی دەق لە تەمومژ و ئاڵۆزیدا دەبینرێتەوە، لەم سۆنگەیەوە چەندین جۆر ڕەمزی ئایینی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی و کلتوری و ئەفسانەیی و داستانی و چیرۆکی میللی دەبینرێنەوە. لە ڕەخنەی نوێدا زۆرجار پەنا دەبرێتە بەر هێزی خەیاڵ لە درووستبوونی وێنەی هونەریدا بیر و ناوەرۆکی دەقی شیعری لە خەیاڵی شاعیرەوە بەرهەم دێت (( وێنەی شیعری زادەی خەیاڵی شاعیرە کە هەستەکانی مرۆڤ ناتوانێت درکیان پێ بکات، هێزی خەیاڵ توانای داهێنەرانەی شاعیرە ، لەگەڵ هەستەکانیدا یەکیان دەخات و وێنەکانی پێ درووست دەکات )).( صالح و العتري، ٢٠٢٠- ٢٠٢١، ٣١-٣٢ ) بەڵام کاتێک شاعیر وێنەی واقیع دەکێشێت بە دید و هزرێکی خودیانەوە ئەوەی لەگەڵ حەز و خولیا و ویست و کەسێتی تایبەتیدا بگونجێ دەیانکات بە سەرچاوە و هەوێنی شیعرەکانی و هێزی خەیاڵی شاعیر هەتا داهێنەرانە بێت زیاتر کاردانەوەی لەسەر خوێنەر دەبێت، بەپێی پێودانگی ڕەخنەی نوێ (( کە بریتییە لە دووبارە بنیادنانەوەی واقیع بە پێکهاتەکانی و هەموو بوونیەوە بە شێوازێکی جوانکاری و هونەرمەندانە )). ( صالح، ٢٠٢٠-٢٠٢١، ٣١-٣٢ ) لەبەرئەوەی وێنەی شیعری هۆکارێکە شاعیر گوزارشت لە خودی خۆی دەکات و بەهۆیەوە هەستە پەنگخواردووەکانی پێ دەردەبڕێت، بەڵام هێزی خەیاڵ دەبێت داهێنەرانە بێت لە چۆنییەتی پیشاندان و خستنەڕووی ئەو واقیعەدا کە ئایا جوانتری دەکات یان ناشرینتر. بەم جۆرە خەیاڵ ڕۆڵێکی دوولایەن دەبینێت جارێک لەگەڵ هەستدا دەڕوات دەبێت هەستەکانی شاعیرانە و نوێ بێت و لە ئاستێکی باڵادا بێت و بابەتێکی سەرنجڕاکێش بخاتە ڕوو. لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ ئەندێشەدا دەڕوات، هەتا ئەندێشە تیژڕەو بێت، پیشاندانی واقیع و بابەتەکانی ژیان جوانتر دەکەونە ڕوو کە زمانی دەربڕینیش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. بەمجۆرە هەموو ڕەگەز و پێکهێنەرەکانی وێنەی شیعری هێندە بەیەکداچوون و یەکتری تەواو دەکەن، کە یەکێکیان بەبێ ئەویتر نرخی هونەری نابێت، هەتا هەریەک لەم پێکهێنەرانە بەرز و بەپێزبن و لە ئاستێکی باڵادابن ئەزموونێکی ڕەسەن دەخەنەڕوو و وێنەیەکی ڕاستەقینە و زیندوو پیشان دەدەن. بەشی دووەم :- سەرچاوەکانی وێنەی شیعری لە دەقە شیعرییەکانی کاکەی فەللاح دا :

المراجع

التنزيلات

منشور

2025-07-31